پێنجوێن شارۆچكه‌یه‌كی باشوری كوردستانه، كه مێژویه‌كی دێرین‌و سروشتێكی جوانیشی هه‌یه، له‌سنوری ئێرانه‌وه زۆر نزیكه‌و خاوه‌نی خاڵی سنوریی باشماخه، كه هه‌ردوو وڵاتی ئێران‌و عێراق پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
مێژوو
مێژووی دروستبوونی پێنجوێن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌م، به‌پێی ئه‌و توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه بۆ ناوچه‌كه كراون ده‌ركه‌وتوه، پاشماوه دێرینه‌كانی قه‌ڵاكانی (قزڵجه، كچێو وێنه) له‌ناوچه‌ی پێنجوێن، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ هه‌زاره‌ی دوهمو هه‌زاره‌ی یه‌كه‌می پێش زایین، به‌ڵام پێكهاته‌ی زهویو خاكی ناوچه‌ی پێنجوێن، مێژوی دروستبونهكهی زۆر كۆنه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌رخی جیۆلۆجی یه‌كه‌م، واته (ئه‌ركی)و بۆ چوار هه‌زار ملیۆن ساڵ به‌ر له‌ئێستا، به‌و پێیه‌ش به‌یه‌كێك لهكۆنترین یاخود دێرینترین ناوچه‌كانی كوردستان‌و عێراقیش داده‌نرێت.
ناوچه‌ی پێنجوێن له‌و كاته‌وه‌ی كه قه‌ڵاكانی كچێو قزڵجه‌ی تێدا دروستكراوه، له‌ژێر حوكمی لۆلۆییهكاندا بوه، هه‌رچه‌نده تاكو ئێستا سه‌رچاوه‌یه‌كی مێژوی ڕاست‌و دروست نه‌كه‌وتۆته ده‌ست، كه له‌دیرۆكی ناوچه‌ی پێنجوێن بدوێت، به‌ڵام كۆنترین ئاماژه‌بۆكردن له‌و ڕوه‌وه، ڕێكه‌وتننامه‌ی ئاماسیهی ساڵی 1555ی زایینه له‌نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌و سه‌فه‌ویدا، له‌و ڕێكهوتننامهیهشدا هاتوه، كه ناوچه‌كه وه‌ك ناوچه‌یه‌كی بێلایه‌ن ماوه‌ته‌وه.
نه‌وشیروان مسته‌فا له‌كتێبی میرایه‌تی بابان له‌نێوان ڕۆمو عه‌جه‌مدا، نوسیویه‌تی (مانه‌وه‌ی ناوچه‌كه به‌بێلایه‌نی بوه به‌هانده‌رێك بۆ حوكمڕانانی ئه‌رده‌ڵان، ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه‌ی پێنجوێندا بگرن، حوكمڕانی ناوچه‌ی پێنجوێن چه‌ند جارێك له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی عوسمانی، سه‌فه‌وی، بابان‌و ئه‌رده‌ڵاندا ده‌ستاوده‌ستی كردوه‌و پاش بڕانه‌وه‌ی حوكمی بابانه‌كانیش، تا ساڵی ١٩١٥ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌وخۆی عوسمانییه‌كاندا بوه).
پێنجوێن سه‌ره‌تا گوندێك بوه سه‌ر به‌ناوچه‌ی قزڵجه، ناحیه‌ی قزڵجهش سه‌ر به‌قه‌زای گوڵعه‌نبه‌ر بوه، كه ده‌كاته خورماڵی ئێستا‌و ئه‌م ڕاستیه‌ش له‌چه‌ندین نوسراو‌و به‌ڵگه‌ی خه‌ڵكی پێنجوێندا، كه تا ئێستاش هه‌ندێكیان لای خۆیان پاراستویانه‌و تایبه‌ته بهموڵكیهتی زهویو زارهكانیانهوه پارێزراوه‌و ماوه‌ته‌وه، دواتر‌و له‌گه‌ڵ دروستبونی ده‌وڵه‌تی عێراقدا، به‌هۆی هه‌ڵكه‌وتویی پێنجوێن‌و پێشكه‌وتویی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، پێنجوێن كراوه‌ته ناحیه‌و چه‌ند داموده‌زگایه‌كی حكومی تێدا دانراو بینایان بۆ دروستكرا، خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش بۆ ڕاییكردنی كاروباره حكومییه‌كان، ڕویان تێده‌كرد.
پێنجوێن به‌م شێوه‌یه مایه‌وه تاكو ساڵی ١٩٥٩، ئیتر به‌هۆی فراوانبونی ناوچه‌كه‌و زۆربونی ژماره‌ی دانیشتوان، پێنجوێن كرایه قه‌زایه‌كی سه‌ربه‌خۆ، كه پێشتر وه‌كو ناحیه سه‌ر به‌قه‌زای هه‌ڵه‌بجه بوو.
وشه‌ی پێنجوێن
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ناوی پێنجوێن یا خود وشه‌ی پێنجوێن له‌چییه‌وه هاتوه، زۆر ڕاو بۆچونی جیاواز هه‌یه، (محه‌مه‌د ئه‌مین زه‌كی به‌گ) وای لێكداوه‌ته‌وه، كه پێنجوێن له‌كاتی خۆرهه‌ڵاتن تا ئاوابونی، پێنج وێنه‌ی تیا به‌دی ده‌كرێت، (حسێن حوزنی موكریانی) هه‌مان بۆچونی هه‌یه له‌سه‌ر ناوی پێنجوێن، هه‌روه‌ها (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس) ده‌ڵێ پێنجوێن له‌بنچینه‌دا پێنج دێ بوه، كه ئاسه‌وارو شوێنه‌واری هه‌ر پێنج دێیه‌كه ماون‌و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی به‌ته‌مه‌نی پێنجوێن دڵنیان له‌وه‌ی، كه ئه‌م بۆچونه زیاتر له‌ڕاستییه‌وه نزیكه‌و ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كه تا ئێستاش ئاسه‌واری ئه‌و گوندانه یان ناوچانه ماوه‌ته‌وه، بۆچونێكیش هه‌یه گوایه پێنجوێن، چه‌ند كه‌سێك ئاوه‌دانیان كردۆته‌وه كه له‌شاری پێنجه‌نی ئه‌فغانستانه‌وه هاتونه‌ته ناوچه‌كه‌و هه‌ر به‌ناوی شاره‌كه‌ی خۆیانه‌وه له‌ئه‌فغانستان ناویان ناوه، چه‌ند ڕایه‌كی تریش پێیان وایه، كه ناوی پێنجوێن له‌پێنج جوله‌كه‌وه هاتوه، واته پێنج جوله‌كه ئاوه‌دانیان كردۆته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ژماره‌یه‌ك ماڵی جوله‌كه له‌و شاره‌دا ههبونو وه‌ك هه‌ر ماڵێكی تری موسڵمان، ژیانی ئاسایی خۆیان به‌سه‌ر بردوه‌و هه‌ندێكیشیان پێكه‌وه له‌گه‌ڵ موسڵمانه‌كاندا كار‌و مامه‌ڵه‌یان كردوه، بۆچونێكی تر هه‌یه له‌سه‌ر ناونانی پێنجوێن، كه پێده‌چێت ئه‌مه‌یان زیاتر له‌ڕاستییه‌وه نزیك بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كاتێك ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنی پاش سه‌ركه‌وتنی له‌شه‌ڕی كۆگهمێل له‌ساڵی ٣٣١ی پێش زایین، له‌نزیكی هه‌ولێر له‌به‌رامبه‌ر سوپای دارای سێیه‌می ئه‌خمینی، مه‌فره‌زه‌یه‌كی پێنج كه‌سیی له‌شاری ئارابخا (كه‌ركوكی ئه‌مڕۆ) نارده به‌ری خۆرهه‌ڵات، بۆ ناوچه‌ی میدیا (موكریانی ئه‌مڕۆ)، بۆ چاودێری‌و پاكسازیی ههمهدانو داگیری بكات، به‌و پێیه‌ی سه‌رده‌مانێك پایته‌ختی ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی وه‌ك ماد بوه‌و مه‌فره‌زه‌كه له‌شاری مه‌ریوان ڕێگایان گرته‌به‌ر، به‌م پێیه‌ش پێ ده‌چێت وشه‌ی پێنجوێن له (پانج)ی یۆنانییه‌وه هاتبێت، واته پێنج یۆنانی، كه ئه‌و سنوره‌یان به‌ره‌و ئه‌كباتان بڕی، وه ڕه‌نگه چه‌ندین بۆچونی تریش هه‌بێت له‌سه‌ر وشه‌ی پێنجوێن‌و ناوه‌كه‌ی.
جوگرافیا
ناوچه‌ی پێنجوێن له‌كۆمه‌ڵێك چیا‌و گردۆڵكه‌و ده‌شتی كشتوكاڵی ئاودار پێكهاتوه‌و پردی كهوڵۆز سنوری نێوان قه‌زای پێنجوێن‌و سه‌یدسادقه‌و له‌گوندی ته‌ڕاته‌وه‌نه‌وه ده‌ست پێده‌كات‌و به‌گوندی میشیاوی سه‌ر سنور كۆتایی دێت‌و ده‌كه‌وێته سه‌ر هێڵی درێژیی ٤٦ پله‌ی خۆرهه‌ڵات و هێڵی پانیی ٣٥،٩ پله‌ی باكوری هێڵی كهمهرهییو ٩٦ كیلۆمه‌تر باكوری خۆرهه‌ڵاتی شاری سلێمانی دوره، پێنجوێن ١٣١٧ مه‌تر له‌ئاستی ده‌ریاوه به‌رزه‌و تێكڕای بارانبارین له‌ساڵدا ٩٠٠ میلیمه‌تره، ڕوبه‌ری سه‌رجه‌م قه‌زای پێنجوێن بریتییه له ١١٢٩ كیلۆمه‌تری چوارگۆشه، كه به‌مشێوه‌یه دابه‌ش بوه ( ٢٠٣ كیلۆمه‌تر ڕوبه‌ری ناوه‌ندی قه‌زاكه‌یه، ٢٨٢ كیلۆمه‌تر ڕوبه‌ری ناحیه‌ی ناڵپارێزه، ٦٤٢ كیلۆمه‌تر ڕوبه‌ری ناحیه‌ی گه‌رمكه، كه زیاتره له‌ڕوبه‌ری ناوه‌ندی قه‌زاكه‌و ناحیه‌ی ناڵپارێزیش).
واته پێنجوێن له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه پێكدێت لهقهزایهكو دوو ناحیه‌و نزیكه‌ی ١٥٠ گوند، كه له‌ئێستادا چه‌ند گوندێك چۆڵ بون، یان به‌ره‌و چۆڵبونی یه‌كجاری ده‌ڕۆن.
پێنجوێن ناوچه‌یه‌كی سنورییهو ١٥١ كیلۆمه‌تر سنوری به‌كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه هه‌یه، دوریی نێوان ناحیه‌ی ناڵپارێزو پێنجوێن ١٩ كیلۆمه‌تره‌و دوریی نێوان پێنجوێن‌و ناحیه‌ی گهرمكیش ١٢ كیلۆمه‌تره، ناوچه‌ی پێنجوێن یه‌كێكه له‌و ناوچانه‌ی كه ژماره‌یه‌كی زۆری ڕوه‌كی سروشتی تێدایه‌و خاوه‌نی دارستانێكی زۆره، هه‌روه‌ها چه‌ندین شاخ‌و لوتكه‌ی به‌رزیشی تێدایه، له‌وانه زنجیره‌چیای سریستان كه به‌رزییه‌كانیان ده‌گاته ٢٥٥٧ مه‌ترو به‌رزترین لوتكه‌ی ناوچه‌كه‌ش شاخی سوركێوه، كه به‌رزییه‌كه‌ی ده‌گاته ٢٥٦٤ مه‌ترو هه‌ر ده‌كه‌وێته زنجیره چیاكانی سریستان، كه هاوسنوری ئێرانه، پێنجوێن سنوری هه‌یه به‌شاره‌كانی بانه‌و مه‌ریوانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان‌و هاوسنوری هه‌ردوو قه‌زای شارباژێڕ‌و سهیدسادقیشه، كه دوو قه‌زای تری وه‌ك پێنجوێننو سه‌ر به‌پارێزگای سلێمانین.
له‌كتێبی گه‌شتی ڕیچ بۆ كوردستان، ساڵی ١٨٢٠ كلۆدیۆس جه‌یمس ڕیچ، باس له‌وه ده‌كات كه كاتێك چۆته ناوچه‌كه، پێنجوێن ژماره‌یه‌ك جوله‌كه‌ی تێدا بوه، كه زۆرینه‌یان سه‌رقاڵی كاری بازرگانی بون، ڕیچ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ناوچه‌كه‌دا ماوه‌ته‌وه‌و گوندی ئه‌حمه‌د كلوانی كردۆته شوێنی پشودان‌و حه‌وانه‌وه‌ی خۆی‌و ده‌ڵێ (ته‌نها له‌ناو پێنجوێندا جوله‌كه نه‌بوه، به‌ڵكو له‌گونده‌كانی سنورهكهشدا جوله‌كه‌ی زۆری تێدا بوه)و گوندی بیستانی سنوری پێنجوێن به‌نمونه ده‌هێنێته‌وه‌و ده‌ڵێ، كه له‌و گونده‌دا ٤٠ماڵ ده‌ژیان، له‌و چل ماڵه ٢٥ ماڵیان خه‌ڵكه‌كه‌ی موسڵمان بون‌و ١٥ ماڵه‌كه‌ی تریشیان جوله‌كه بون.
به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی ناڕه‌سمی، ژماره‌ی دانیشتوانی پێنجوێن له‌كاتی شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانیدا، كه هێشتا نهكرابوه ناحیه، به‌ڵام نیمچه شارۆچكه‌یه‌كی پێكده‌هێنا، ١٢٠٠ بۆ ١٣٠٠ كه‌س ده‌بون، به‌هۆی ئهنجامنهدانو ده‌ستنه‌كه‌وتنی داتایه‌كی ته‌واو له‌سه‌ر ڕێژه‌و ژماره‌ی دانیشتوان له‌ساڵانی ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی ڕابردودا، ته‌نهاو ته‌نها ده‌توانرێت پشت به‌ئاماری ساڵی ١٩٧٧ ببه‌سترێت، كه ده‌توانرێت به‌ڕاستترین ئامار ناوببرێت، كه به‌پێی ئه‌و ئامار‌و سه‌رژمێرییه، سنوری قه‌زای پێنجوێن به‌م شێوه‌یه بوو ( شارۆچكه‌ی پێنجوێن ٧٤٩٤ كه‌س، گوندنشینه‌كانی ناحیه‌ی ناوه‌ندی ١٣٠٥٩كهس، شارۆچكه (ناحیه)ی گه‌رمك ٣٦٨ كه‌س، گوندنشینه‌كانی ناحیه‌ی گه‌رمك ١٤١٠٤ كه‌س، كه كۆی گشتی دانیشتوانی قه‌زای پێنجوێن بریتی بوه له ٣٤٠٢٥ كهسو له ٦٣٢٠خێزان پێكهاتبون)، هه‌رچه‌نده له‌سه‌رژمێریی ئه‌و ساڵه‌دا ناڵپارێز هێشتا نه‌كراوه‌ته ناحیه‌و وه‌ك گوندێكی سه‌ر به‌ناحیه‌ی ناوه‌ندی هه‌ژمار كراوه.
به‌هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نێوان عێراق‌و ئێران له‌ساڵی ١٩٨٠دا، ناوچه‌ی پێنجوێن بوه یه‌كێك له‌ناوچه‌كانی شه‌ڕو چۆڵكرا، به‌وهۆیه‌شه‌وه ناوچه‌كه له‌سه‌رژمێریی ساڵی ١٩٨٧ بێبه‌ش بوه‌و نه‌توانراوه ئامارێكی ڕاستتر له‌وه‌ی ساڵی ١٩٧٧ ده‌ست بكه‌وێت، به‌پێی سهرژمێرییو ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی سلێمانی له‌ساڵی ٢٠٠٤دا، ژماره‌ی دانیشتوانی قه‌زای پێنجوێن بریتی بوه له ٤٤٥٠٦ كهسو ژماره‌ی خێزانه‌كانیشی ٨٥٢٧ خێزان بوه، هه‌روه‌ها به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاماری سلێمانی، ژماره‌ی دانیشتوانی پێنجوێن له‌ساڵی ٢٠٠٥دا بریتی بوه له ٤٣٠٧١ كه‌س،
به‌پێی دوایین ئامار، كه له‌لایه‌ن تیمی مه‌یدانیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی وه‌به‌رهێنانی سلێمانی (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌و زانیارییه‌كان) له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ٢٠٠٧دا ئه‌نجام دراوه، ژماره‌ی دانیشتوانی سنوری قه‌زای پێنجوێن بریتی بوه له ٣٨٢٧١ كه‌س، كه له ٦٣٧٨ خێزان پێكهاتوه، به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ش ژماره‌ی دانیشتوانی سنوری قه‌زای پێنجوێن به‌به‌راورد به‌ساڵی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ ڕوی له‌كه‌می كردوه، كه هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌و كه‌مبونه‌وه‌یه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چۆڵبونی به‌شێكی زۆری گونده‌كانی سنوره‌كه، به‌هۆی كه‌میی ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزارییه‌وه بوه، به‌پێی دوایین ئاماریش له ساڵی ٢٠٠٩ دا ژماره‌ی دانیشتوانی مه‌ڵبه‌ندی قه‌زای پێنجوێن پێك هاتوه له ٥٣٩٤ خێزان‌و ٢٤٢٧٠ هاوڵاتی.
ئابوری
پێنجوێن ناوچه‌یه‌كه كه ده‌توانرێت له‌ڕووی ئابورییه‌وه سودێكی ئێجگار زۆری لێوهربگیرێتو ببێته پاڵپشتێكی به‌هێزی حكومهتو ناوچه‌كه‌ش، به‌پێی نه‌خشه‌ی دابه‌شبونی سامانه كانزاییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ناوچه‌ی پێنجوێن زیاتر له ١٣ جۆر سامانی كانزایی گرنگی تێدایه، وه‌ك (ئاڵتون، یۆرانیۆم، ئاسن، مس، گۆگرد، مه‌نگه‌نیز، كڕۆم، خه‌ڵوز)، هه‌روا چه‌ندین جۆر به‌ردی مه‌ڕمه‌ڕی گرانبه‌ها، هه‌رچه‌نده له‌ساڵانی زوودا حكومه‌تی عێراق به‌ردی ناوچه‌كه‌ی ده‌برد بۆ شاری به‌سره كه دورترین شاری عێراقه له‌ناوچه‌كه‌وه، به‌ڵام نه حكومه‌تی ههرێمو نه هیچ كۆمپانیایه‌ك ئاوڕیان له‌به‌ردی ناوچه‌كه نه‌داوه‌ته‌وه، كه بڕیاربوو له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی ٢٠٠٦دا كۆمپانیایه‌كی بیانی كارگه‌یه‌كی ئاسن له‌ناوچه‌كه‌دا دروست بكات‌و له ساڵی ٢٠٠٧یشدا چه‌ند كۆمپانیایه‌كی ئه‌مریكی هاتنه ناوچه‌كه‌و چه‌ند جۆره به‌ردێكیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا برد به‌مه‌به‌ستی پشكنینی، به‌ڵام تا ئێستاش هه‌وڵی ئه‌و كۆمپانیایانه بێئه‌نجام بوه.
ناوچه‌كه خاوه‌نی دارستانێكی زۆری سروشتییه، كه ده‌توانرێت به‌مه‌به‌ستی پیشه‌سازیی جۆراوجۆر به‌كاربهێنرێت، بونی تۆبۆگرافیا (بهرزیو نزمی) له‌ناوچه‌كه‌و ئاوی زۆر‌و دارستانی چڕ، هۆكارێكی زۆرباشه تاكو بتوانرێت له‌ڕوی گه‌شتوگوزارو دروستكردنی هاوینه‌هه‌واری گه‌وره‌و شیاو، گرنگیی زیاتر به‌ناوچه‌كه بدرێت، چونكه چه‌ندین ناوچه‌ی تێدایه كه ده‌توانرێت به‌كه‌مترین تێچون بكرێنه ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاریی گرنگ‌و له‌ڕووی ئابورییه‌وه حكومهتو ناوچه‌كه‌ش لێی سودمه‌ند ببن.
له‌سنوری پێنجوێندا چه‌ندین شوێنی سهیرانو گه‌شتوگوزاریی سروشتی بونیان هه‌یه‌و ساڵانه ژماره‌یه‌كی زۆر له‌گه‌شتیاران سه‌ردانی ده‌كه‌ن، وه‌كو (بلكیان، چوارباخ، سێچاكان، گۆڵی، زه‌نگیده‌ر، شێخهڵوان، قوڕهڕهشهو چه‌ندین شوێنی تر).
به‌هۆی هاوسنوریی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران‌و كردنه‌وه‌ی سنوری نێوده‌وڵه‌تیی باشماخ، ناوچه‌كه له‌ڕووی ئابورییه‌وه بوه‌ته پاڵپشتێكی باشی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و گوزه‌ركردنی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه ده‌چنه ده‌ره‌وه‌ی ههرێمو به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، جگه له‌مه‌رزی باشماخ كه فهرمییو نێوده‌وڵه‌تییه، چه‌ندین سنوری لاوه‌كیش له‌ناوچه‌كه‌دا بونیان هه‌یه، كه لێیانه‌وه كاڵا‌و شمه‌ك ده‌هێنرێنه ههرێمو به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، ڕۆژانه‌ش خه‌ڵكانێكی زۆر سه‌رقاڵی كاركردنن تێیاندا، وه‌كو سنوره‌كانی (گۆخڵان، میشیاو، سه‌یرانبه‌ن، كانی خان، مێشه‌رۆ، سیاگوێز، وشیاری، بناوه‌سوته).
هه‌رچه‌نده ناوچه‌ی پێنجوێن زیاتر به‌ناوچه‌یه‌كی شاخاوی ناسراوه‌و سروشته‌كه‌ی وایه، به‌ڵام چه‌ندین زه‌ویی بهپیتیشی تێدایه، كه ساڵانه سهدانو بگره هه‌زاران تۆن به‌رهه‌می كشتوكاڵی لێ به‌رهه‌م دێت، كه ته‌نها به‌رهه‌می ته‌ماته له‌سنوری پێنجوێندا ساڵانه خۆی له ده هه‌زار تۆن ده‌دات، جگه له‌وه‌ش به‌روبومی دیكه‌ی وه‌ك شوتی‌و خه‌یارو چهڵتوكو هتد، هه‌وره‌ها دانه‌وێڵه‌ی جۆراوجۆری زۆر به‌رهه‌م ده‌هێنێت، به‌ڵام به‌به‌راورد به‌ناوچه‌كانی تری كوردستان، كه‌مترین پرۆژه‌ی ئاودێرییو خزمه‌تگوزاریی كشتوكاڵی پێشكه‌ش به‌جوتیارانی ناوچه‌كه كراوه؛ یاخود نه‌توانراوه تا ئێستاش نه له‌لایه‌ن كه‌رتی تایبهتو نه حكومه‌تیش كارگه‌یه‌ك بۆ ساخكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌روبومانه دابنرێت، وه‌ك كارگه‌یه‌كی دروستكردنی دۆشاوی ته‌ماته.
چه‌ندین دهشتو شوێنی به‌پیت له‌سنوری پێنجوێندا بونیان هه‌یه، كه ده‌توانرێت له‌رێگه‌یانه‌وه بهروبومێكی زۆری كشتوكاڵییان تێدا به‌رهه‌مبهێنرێت، وه‌كو ده‌شته‌كانی ( نزاره، گه‌رمك، برایماوا، كرمانج، سوراو، گۆخڵان)، هه‌روه‌ها ناوچه‌ی چه‌وتان.
ناوچه‌كه جگه له‌و به‌روبومانه‌ی كه دهستكردنو له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه به‌رهه‌مده‌هێنرێن، چه‌ندین جۆر به‌رهه‌می خۆڕسكیشی تێدایه وه‌ك (قه‌زوان، ترش، سالمه، كنگهر بهگشتیو بنێشت به‌تایبه‌تی)؛ كه پێنجوێن یه‌كێكه له‌و ناوچانه‌ی پێی به‌ناوبانگه، به‌ڵام به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌میی هاوڵاتیان لهلایهكو نه‌بونی هاندانی حكومه‌ت له‌لایه‌كی تره‌وه وایكردوه، به‌پێی پێویست سود له‌و به‌روبومانه وه‌رنه‌گیرێت.
له‌سنوری قه‌زای پێنجوێندا نزیكه‌ی ٧٠ گوند ههنگهڵانیان تێدایه، كه ژماره‌یان ٧٠٠ هه‌نگه‌ڵان دهبێتو ساڵانه ئه‌گه‌ر نه‌خۆشی ڕویان تێنه‌كات، ئه‌وا نزیكه‌ی ٢٠ تۆن هه‌نگوین به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، ئه‌گه‌ر هاوكارییه‌كی باشی ئاژه‌ڵداره‌كانی سنوری پێنجوێن بكرێت، ئه‌وا زۆر له‌ئێستا زیاتر ئاژه‌ڵیان ده‌بێت، به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه وه‌ك (مه‌ڕ، بزن، مانگا....هتد). ئه‌ویش به‌هۆی بونی گژوگیایه‌كی زۆر بۆ له‌وه‌ڕاندنی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌و بونی ڕێژه‌یه‌كی باشی ئاویش له‌ناوچه‌كه‌دا، كه ئه‌وه‌ش وایكردوه، ساڵانه ده‌یان ئاژه‌ڵدار به‌هه‌زاران ئاژه‌ڵ بهێننه ناوچه‌كه، به‌هۆی نه‌بونی گژوگیاو ئاوی پێویست له‌ناوچه‌كانی خۆیاندا، وه‌ك گهرمیانو شاره‌زور.
جوانیی پێنجوێن
پێنجوێن به‌جوانی ناوبانگی هه‌بوه، موفتی پێنجوێنی شاعیر لههۆنراوهیهكیدا به‌سه‌ر پێنجوێندا ده‌ڵێت:
پێنجوێن به‌بێ تۆ نزیكه مه‌رگم
لوبنان شكێن بویت داخت به‌جه‌رگم
بوكێ بویت تارات ئه‌دا به‌سه‌ردا
ڕوو زه‌ردیت ئه‌دا به‌ڕووی قه‌مه‌ردا
تێبینی: بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌م بابه‌ته، سود له‌چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی ناوخۆیی‌و كتێب‌و تۆڕی ئینته‌رنێت بینراوه


ده‌ربه‌ندیخان قه‌زایه‌كه سه‌ر به‌پارێزگای سلێمانی، له‌باشوری كوردستان، ده‌كه‌وێته 68 كیلۆمه‌تری باشوری سلێمانی، ئه‌و شارۆچكه‌یه ڕوباری سیروان لهخۆرههڵاتهوهو ڕوباری دێوانه له‌خۆرئاواوه ده‌وره‌یان داوه، كه هه‌ردوكیان له‌نزیك شوێنی یهكگرتنیاندا پردیان له‌سه‌ر دانراوه.
به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانیش، دیسانه‌وه شتێكی تری سه‌رنجڕاكێشی شارۆچكه‌كه‌یه، گه‌شتیاران بۆ بینینی ئه‌و به‌نداوه سه‌ردانی ده‌كه‌ن، شتێكی تریش كه سه‌رنجڕاكێشه‌و هاوڵاتیانی كوردستان حه‌زیان پێیه‌تی تونێله، سێ تونێل له‌كوردستاندا هه‌ن، دوانیان له‌شارۆچكه‌ی ده‌ربه‌ندیخانه، یه‌كێكیان له‌سه‌ر ڕێگای ده‌ربه‌ندیخان - سلێمانییه‌و له‌بڕینی شاخێك بنیات نراوه، ئه‌وی دیكه‌شیان له‌ژێر به‌نداوه‌كه‌ی ده‌ربه‌ندیخاندایه.
ته‌نها یه‌ك ناحیه سه‌ر به‌و شارۆچكه‌یه ئه‌ویش ناحیه‌ی (باوه‌خۆشێن).
ده‌ربه‌ندیخان چه‌ند جارێك به‌هۆی جوانی‌و پاك‌و خاوێنییه‌وه له‌كوردستاندا یه‌كه‌م بوه.
ئه‌و گوندانه‌ی كه زۆر نزیكن لێوه‌ی بریتین له (كانی سارد: له‌خۆرئاوای شارۆچكه‌ی دهربهندیخانهو زۆر نزیكه لێوه‌ی، به‌شێوه‌یه‌ك خه‌ریكه ده‌بێته یه‌كێك له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی شارۆچكه‌كه، كه‌مپی خواره‌وه: ده‌كه‌وێته باشوری خۆرهه‌ڵاتی شارۆچكهكهوهو ده‌كه‌وێته سه‌ر ڕوباری سیروان، ئه‌و ناوچه‌یه له‌سه‌رده‌می دروستكردنی به‌نداوه‌كه‌دا دروستكرا بۆ نیشته‌جێبونی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی، كه لهبهنداوهكهی ده‌ربه‌ندیخاندا كاریان ده‌كرد، ژاڵه‌ناو: ده‌كه‌وێته باشوری شارۆچكه‌كه‌وه، كه هه‌ندێك له‌لای خۆرهه‌ڵاته‌وه‌یه، ئه‌و گونده پردی ژاڵه‌ناوی تێدایه‌و ڕێگایه‌كه بۆ چونه سه‌ره‌وه بۆ سه‌ر چیای (قه‌واڵه)، بانی خێڵان: ئه‌و گونده له‌باشوری ده‌ربه‌ندیخانه، دوو به‌شه (یه‌كێكیان له‌ناو كارگهكهدایه كارگه‌ی ئاوی بانیخێڵان، ئه‌وی دیكه‌شیان له‌خواره‌وه‌ی ئه‌وه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی خه‌ریكی ئاژهڵداریو كشتوكاڵن به‌زۆری).
گروپی ده‌فی وه‌فایی یه‌كێكه له‌گروپه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان، له‌بواری مۆسیقادا كارده‌كات، كه ساڵی 2004 دامه‌زراوه‌و چه‌ندین گه‌نج له‌و گروپه‌دا به‌شدارن، كه ده‌گه‌نه نزیكه‌ی 40 ژه‌نیار، زیاتر ده‌ف بوه به‌ناونیشانی گروپه‌كه‌و ئه‌و نازناوه‌ش دراوه به‌شارۆچكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان، ئه‌و گروپه له‌زۆربه‌ی فێستیڤاڵه‌كاندا بوه بهیهكهمو به‌باشترین گروپی ده‌ف له‌باشوری كوردستان.
زۆر گوندی تریش سه‌ر به‌و شارۆچكهیهن له‌وانه (ئه‌حمه‌د بڕنده، عازه‌بان، چناره، ماڵه شێخه‌كان، سیاره، بیركێ، قاشتی، فه‌قێ جنه، نه‌ژوێنی، چه‌مه‌رگه، دهرهدۆینو هی تر).
بۆ زانیارییه‌كان سه‌باره‌ت به‌قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان، سود له‌ئینته‌رنێت وه‌رگیراوه


قه‌ڵادزێ
شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێ، ناوه‌ندی قه‌زای پشده‌ره، سه‌ر به‌پارێزگای سلێمانییه‌و نزیكه ١٣٤ كیلۆمه‌تر لێیه‌وه دوره، لهخۆرههڵاتییهوه هاوسنوری به‌شی خۆرهه‌ڵاتی كوردستانه‌و شاره‌كانی سهردهشتو میراوه لێیه‌وه نزیكن، لهخۆرئاواشهوه شارۆچكه‌ی ڕانیه، له‌باكوره‌وه ناحیه‌ی قه‌سرێی قه‌زای چۆمانهوهو لهباشوریشیهوه ناحیه‌ی بنگردو ناوچه‌ی مه‌رگه‌و قه‌زای ماوه‌ت هه‌ن.
وشه‌ی قه‌ڵادزێ ڕه‌نگه له‌دوو وشه‌ی قه‌ڵاو دزێ پێكهاتبێ، كه دزێ ڕه‌نگه ئاماژه بێت به‌ڕوباری زێی بچوك، كه له‌نزیكی ئه‌م شارۆچكهدایه، قه‌ڵاش به‌مانای شوێنێكی جێگیر دێت، یاخود به‌ناوی ئه‌و قه‌ڵایه كراوه، كه ئێستاش ئاسه‌واری ماوه‌و به‌قه‌ڵا ناسراوه، قه‌ڵادزێ له‌سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی‌دا ناوی حه‌میدییه بوو، كه بهئیفتیخاری عه‌بدولحه‌میدی دوه‌می سوڵتانی عوسمانی، ئه‌و ناوه‌ی لێ نرابوو.
گه‌ڕه‌كه‌كانی قه‌ڵادزێ:
(گه‌ڕه‌كی خانه‌قا، گه‌ڕه‌كی ئاشتی، گه‌ڕه‌كی ئازادی، گه‌ڕه‌كی گربداخ، گه‌ڕه‌كی ئیمام قاسم، گه‌ڕه‌كی راپه‌ڕین، گه‌ڕه‌كی بابان، گه‌ڕه‌كی نه‌ورۆز، گه‌ڕه‌كی كۆڕه‌و، گه‌ڕه‌كی ساوێن، گه‌ڕه‌كی مه‌شخه‌ڵان، گه‌ڕه‌كی شه‌هیدان، گه‌ڕه‌كی مامه‌نده، گه‌ڕه‌كی باخان، گه‌ڕه‌كی فه‌رنبه‌ران، گه‌ڕه‌كی بنارو گه‌ڕه‌كی چوارچرا).
ڕۆشنبیرو شاعیران:
احمد شێواو (شاعیر) ١٩٣٧-١٩٩٩
عه‌زیز سه‌لیم (شێوه‌كار) ١٩١٥-٢٠٠٣
حه‌مه‌ی ئایشێ (شانۆكار) ١٩٣٢-٢٠٠٤
محمد فیدا (ڕوناكبیر) ١٩٢٩-١٩٨٤
كۆساری شاعیر
مێژوو:
قه‌ڵادزێ له‌ساڵی ١٩٤٨دا كراوه به‌قه‌زا، له ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤دا له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه بۆردومان كراوه، كه زانكۆی سلێمانی ئه‌و كات بۆ قه‌ڵادزێ گوێزرابوه‌وه، بۆردومانه‌كه بوه هۆی شه‌هیدكردنی چه‌ند خوێندكارێكی زانكۆ‌و هاوڵاتیانی ئه‌و شارۆچكه‌یه، له ٢٤ی نیسانی ١٩٨٢دا بۆ یه‌كه‌م جار له‌سنوره‌كه‌دا، دانیشتوانی قه‌ڵادزێ له‌دژی حكومه‌تی ئه‌و كات راده‌په‌ڕن، له‌ساڵی ١٩٨٩دا دانیشتوانی پشده‌ر ڕاده‌گوێزرێن بۆ ئۆردوگاكانی بازیان‌و خهباتو چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه.
شوێنه مێژوییه‌كانی قه‌ڵادزێ (قه‌ڵای قه‌ڵادزێ، مه‌زارگه‌ی فه‌قێ ئه‌حمه‌دی داره‌شمانه، شێخ فه‌رخ)
ئاو‌و هه‌وا:
ئاو‌و هه‌وای ناوچه‌ی پشده‌ر، به‌زۆری له‌ئاوو هه‌وای ناوچه‌كانی سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست ئه‌چێت، پله‌ی گه‌رمای له‌وه‌رزی هاویندا ده‌گاته (٣٩) پله‌ی سه‌دی، به‌ڵام هه‌ندێك ساڵ به‌رزترین پله‌ی گه‌رما له‌هاویندا سنوری (٤٥) پله‌ی سه‌دیش تێده‌په‌ڕێنێت.
ناحیه‌كانی قه‌زای پشده‌ر شه‌ش ناحیه‌ن، كه ئه‌وانیش (ناوه‌ندی، سه‌نگه‌سه‌ر، ژاراوه، هێرۆ، ئیسێوه، هه‌ڵشۆ)، هه‌وه‌رها له سنوری قه‌زای پشده‌ردا ٢٨٤ گوند هه‌یه.
ناوچه‌ی پشده‌ر سروشتێكی جوانی هه‌یه‌و چه‌ندین ناوچه‌ی گه‌شتیاریی تێدایه، كه بوه‌ته جێی سه‌رنجی گهشتیارانو له‌وه‌رزه‌كانی به‌هارو گه‌رمادا، خه‌ڵكێكی زۆر روی تێده‌كه‌ن، زۆربه‌ی هاوڵاتییه‌كانی ناوچه‌ی پشده‌ر سه‌رقاڵی كاری كشتوكاڵكردن‌و باخدارییو ئاژه‌ڵدارین، هاوكات به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه ده‌كه‌وێته سنوری نێوان عێراق‌و ئێران، چه‌ند مه‌رزێكی فهرمییو نافه‌رمیی تێدایه‌و به‌شێك لهدانیشتوانهكهی كاری بازرگانی ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه: ویكیپیدیا

