جاران ژیان چۆن بوو
3/4/2019
|
2898 جار خوێندراوەتەوە |
|
سلێمانی جاران شارێكی بچووك بوو، ئێستا پەنجا ئەوەندەی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوو گەورە بووە، لەبەر ئەوەی ئاوو هەواو ژینگەكەی جارانی پاكو بێگەرد بوو، بەیانیان زوو خەڵك هەوای پاكی هەڵئەمژی، ئێستا لەبەر زۆریی ئۆتۆمبێلو كارگەو سپلێت، نەك هەر ناتوانی هەوا هەڵمژی، بەڵكو دەرگای ماڵو پەنجەرەكانیش دائەخەی، جاران خەڵك تەمەندرێژتر بوو، لەبەر ئەوەی ئاووهەوا پاكو شارەكەش ئەوەندە قەرەباڵغ نەبوو، خەڵكەكە بەپێ هاتوچۆیان ئەكرد.
خانوەكان لەبەر ئەوەی بە گڵو قوڕ سواخ درابوون لەزستانا بە مقەڵیەك ئاگر گەرم ئەبوو، لەهاویندا بەئاوڕشێنێك فێنك ئەبوو لەگەڵ بەكارهێنانی باوەشێن، لەهاویندا لەحەوشە ئەنووستن یان لەسەربان، لەحەوشە كورسیی گەورەو بەرز هەبوو بەتەختەو دار دروست كرابوو، پەیژەیەكی بچوكیان بۆ دروست كردبوو، بەڕەی تەنكو دۆشەكو لێفەو سەرینیان ڕائەخست، شەو لە سەربان ئەخەوتن، بەیانیان زوو كە هەڵئەسان هەر لەسەر (تەختەبەن)ەكە نوێنەكانیان ئەپێچایەوە. بەیانی زوو كە پیاوی ماڵەكە هەڵئەساو نانی ئەخواردو ئەڕۆیشتە دەرەوە، دەرگا لەسەر پشت بوو هەتا شەو كە ئاخر كەس ئەهاتەوە دەرگای جووت ئەكردو بەسوورگی دای ئەخست، بێ ئەوەی قفڵی لێ بدەن.
جاران لەماڵان بە دارو خەڵووز چێشتیان بە ڕۆنو برنجی خۆماڵی لەناو مەنجەڵی مس لێ ئەنا، نەك لەسەر تەباخی غازو بە كەرەستەی بیانی، لەبەر ئەوە ئەوسا تامو چێژێكی تری هەبوو. كە بە كۆڵانێكدا ئەڕۆیشتیت بەبۆندا ئەتزانی ئەم ماڵانە چییان لێناوە، كەس خواردنی قوتووی نەئەكڕیو بشبوایە نەیان ئەخوارد. لەبەهاراندا خواردنەكەیان ئەبرد بۆ سەربان و لەناو سەوزەگیادا بەڕەیەكی تەنكیان رائەخست، لەولاشەوە گیزەگیزی سەماوەر ئەهاتو چا بە خەڵوز لێ ئەنراو شەربە ئاوو كاسەی تەختە یان دۆو ماستاو بە بەفری شاخی گۆیژەوە هەموو لەدەوری ئەو سفرەیە كۆ ئەبوونەوە. جاران كاسە دراوسێیەتی هەبوو، ئەگەر ماڵێك خواردنێكی تاسووقی لێبنایە بەشی دراوسێكانی ئەنارد، شەویش هاوینان لەژێر بەرچیغێكدا بەڕەیەكی تەنك رائەخرا، شەربە ئاوو بەفر لەسەر پڵاوپاڵێوێك سەرهەویرێكیان ئەدا بەسەردا لەبەر ئەوەی زوو نەتوێتەوە، كڵۆ بەفر ئەخرایە دۆو بە كەوچكی دار ئەخورایەوە.
زۆربەی ماڵان سەرتەنووریان هەبوو بۆ كردنی نانی تیری، چونكە خەڵكی كولێرەو سەموونی بازاڕیان نەئەخوارد، كاتێكیش ڕۆژێك دیاری ئەكرا لەو ماڵە نان بكەن، لەگەڕەكەكاندا نانكەری ژنان هەبوو ئێوارەكەی ئەهات بۆ ئەو ماڵەی بەیانی نانی لێ ئەكرا، لەتەشتێكی گەورەدا هەویری ئەشێلاو سەرهەویرێكی تەنكی ئەدا بەسەردا تا بەیانی، كە هەر ئەو ئێوارەیە كچو ژنی ماڵەوە كچە دراوسێشیان ئاگادار ئەكردەوە كە ئەوانیش بێن بە خۆیانو پنەو تیرۆكەوە، بەیانی زوو دوای نانخواردن ئەهاتن بۆ نان كردن، ئیتر بەدەم نانكردنەوە قسەی خۆشو سوعبەتیان ئەكرد تا نیوەڕۆ بۆ نانخوادنی نیوەڕۆ كولێرە بەڕۆنو چا لێ ئەنرا، لەگەڵ شەربەیەك ئاوو جامێكو شۆربایەكی سووكیان لەگەڵ لێ ئەناو لەدەوری سەماوەرەكە كۆ ئەبوونەوەو بە قسەی خۆش نانەكەیان ئەخواردو دەست ئەكرایەوە بە نانكردن، نانكەرەكەش نانەكەی ئەئاڵاند بە (مایە)كەی دەستییەوەو ئەیدا بە تەنوورەكەدا، تا دووانو سیان ئەبرژان، ئینجا بە دارێكی باریك كە سەرێكی تیژ بوو نانەكەی پێ دەرئەهێناو ئەیخستە سەر پڵاوپاڵێوێكو سەفتەی ئەكردو تۆزێك لەو هەویرەیان جیا ئەكردەوە بۆ كولێرە بەڕۆن بۆ ماڵەكەو بۆ نانكەرەكان، تا عەسرێكی درەنگ دەست ئەكرایەوە بە چالێنانو كولێرە خواردنو قسەی خۆش، هەر كچێكی نانكەر چەند كولێرەیەكی لەگەڵ خۆی ئەبردەوە بۆ ماڵەوە، هەروەها نانكەرەكە پارەی خۆی وەرئەگرت لەگەڵ چەند كولێرەیەكو دەستەیەك نان ئەیبردەوە بۆ ماڵەوە.
جاران بەس پیاوی ماڵەكە ئیشی ئەكرد، بەیانی زوو زستان بوایە یان هاوین، بە گەرماو سەرما ئەچوون بۆ مزگەوت، ئەچوونە ناو ئەو حەوزەی سەری گیرابوو پێیان ئەوت (وسوڵخانە) وسڵی خۆیان دەرئەكرد، ئەوجا ئەچوون نوێژیان ئەكردو پاشان ئەچوون بۆ بازاڕ، دوكاندارەكانیش دوكانی خۆیان ئەكردەوە، ئیتر بۆ نیوەڕۆ نەئەچوونەوە بۆ ماڵەوە بۆ نانخواردن. ئەگەر هاوین بوایە لەواشەی گەرمیان ئەكڕیو بە ماستو ماستاوەوە ئەیانخواردو یەكی دوو سێ چایان ئەكرد بەسەرداو دوای نانخواردنو نوێژ، پەردەیەكی سپیی خامیان ئەدا بە پێشی دوكانەكانیاندا تا نزیكی عەسر ئەچوون بۆ مزگەوت لەوێ نوێژی خۆیان ئەكردو هەریەكەی لەسەر تلەبەردێك لەدەوروپشتی ئەو حەوزەی كە دەستنوێژیان لێ ئەشوشت پاڵ ئەكەوتنو قاچیان لێ ڕائەكێشا تا عەسرێكی درەنگ، ئەوجا ئەچوونەوە سەر دوكانەكانیان، ئێوارانیش كە دوكانیان دائەخستو ئەڕۆیشتنەوە بۆ ماڵەوە، ئەگەر شتێكیان بكڕیایە بۆ ماڵەوە ئەیانخستە ناو فەقیانەكانیان، چونكە كیسەو زەرف نەبوو. كاتێكیش ساڵی 1954 كە كارگەی چیمەنتۆ لەسەرچنار كرایەوە، پاش ماوەیەك چەند كەسێك فێر بووبوون بە كاغەزی چیمەنتۆی بەتاڵ كیسەیان دروست ئەكرد، بەڵام تۆزاوی بوو، زۆر پیاویش بێجگە لەفەقیانەكەی، دەسەسڕی ئاوریشمی هەبوو، باوی بوو ئەو شتەی ئەیكڕی ئەیخستە ناو ئەو دەسەسڕەوە، هاوینانیش ئەگەر شووتییەكیان بكڕیایە ئەیانخستە بن هەنگڵیانەوە. هەر پیاوی ماڵەكە كاسبیی ئەكرد، زۆربەی كچان لەماڵ ئەمانەوەو یارمەتیی دایكیان ئەدا بۆ چێشت لێنانو پاككردنەوەی ماڵو بەخێوكردنی منداڵ.
ئەو باوكەی توانای هەبوو كوڕەكەی خۆی ئەنارد بۆ قوتابخانە بۆ خوێندن، ئەگەر تواناشی نەبوایە ئەیبرد بۆ لای سەنعەتكارێكی دۆستی خۆی تا فێری ئەو سەنعەتە بێت، بە كابرای دۆستی ئەگوت گۆشتی بۆ تۆ ئیسقانەكەی بۆ من، كاتێكیش سەرەتای ساڵی 1926 كە قوتابخانەی زانستیی شەو كرایەوە، زۆربەی ئەو شاگردانە ئەچوون لەوێ فێری خوێندەواری ئەبوون، بەڕێوەبەری قوتابخانەكەو مامۆستاكان بەخۆڕایی دەرسیان پێ ئەگوتنەوەو فێری سروودی نیشتمانییان ئەكردنو هەموو ساڵێكیش تەمسیلییەكیان ئەكرد، بۆ نموونە حاجی عەلی جاسووسی كەبابچی كە پیاوێكی نیشتمانپەروەر بوو، لەتەمسیلییەكەدا رۆڵی جاسووسی بینی ئەم جاسووسەی بەسەردا دابڕا، كە لای خۆیو خەڵكی ئاسایی بوو، زۆربەی ئەو قوتابیانەی زانستی بوون بەشداریی (شەڕی بەردەركی سەرا)یان كرد، ئەو كوڕانەی كە باوكیان ئەیانناردن بۆ مەكتەب بۆ ئەوەی فێری خوێندەواری بن، زۆر لەوانە كە دەرئەچوون لەسەرەتایی یان لەناوەندیو دواناوەندی ئەیانكردن بە مەئمووری حكومەتو لەدائیرەكاندا دایان ئەمەزراندن، تا پلەی هەندێكیان ئەگەیشتە بەڕێوەبەری فەرمانگەكان، لەبەر ئەوەی ئەو كاتە زانكۆ نەبوو لەعێراقدا بەتایبەتی لە شارەكانی كوردستاندا.
ئامادەكردنی: كاروان چاومار
بۆ ئەم بابەتە سوود لەچاوپێكەوتنێك وەرگیراوە كە لەگەڵ (ئەكرەمی ساڵحی رەشە) ئەنجام دراوە.