راگەیەندراوی تیمی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وبزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی
11/5/2023
|
52 جار خوێندراوەتەوە |
|
تیمی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەتی خۆجێی سلێمانی کۆبوونەوە و پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی دواپێشهات و گۆڕانکاری و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو و رێکخستنەوەی باشتری پەیوەندییەکان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ٩ی ئایار لە سلێمانی بە سەرپەرشتی بەڕێزان، مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوو، قسە لەبارەی چۆنییەتی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەتایبەت و هەرێمی کوردستان بەگشتی کرا. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هەنووکەیی کراو لەو بارەیەشەوە باسیان لە دارشتنی سیاسەتی کاری هاوبەش و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغەکانی داهاتوو کرد.
کۆبوونەوەکە لەبەر رۆشنایی گۆڕانکاری و دواپێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکان، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان لە حکومەت وحیزبیش بتەوتر بکرێن بۆ ئەوەی لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا بێت و بتوانرێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببن و داکۆکی لە داوا ڕەواکانی و پێویستییەکانی سلێمانی بکەن.
هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون کە؛ دەبێت هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیە بن کە خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بکرێت و هەردوو تیم راسپێردران کە بەهیچ شێوەیەک جیاکاری و جیاوازی ئینتیمای سیاسی نەبێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێ کردنی پلانی خزمەتکردنی هاوڵاتییان و پێکەوە خزمەتی باشتری سلێمانی بکەن.
ئەمە سێیەم کۆبوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتییە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو و لەئاستی جیاجیادا کە ئەمانج لێیان بەهێزتر کردنی پەیوەندییەکان وجێبەجێ کردنی رێکەوتنەکانی نێوانیان لەپێناو خزمەتکردنی باشتری هاوڵاتیان. هەر بۆیەش بڕیار درا ئەم کۆبوونەوانە بەردەوامییان پێ بدرێت.

