راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە
17/4/2023
|
65 جار خوێندراوەتەوە |
|
لەیادی ٣٥ ساڵەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالدا سەری رێز و نەوازش بۆ شەھیدان و قوربانیانی ئەو کارەساتە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دادەنەوێنین.
٣٥ ساڵ لەمەوبەر رژێمی روخاوی بەعس بە پیلانی ورد و بە بەرنامە ، نەخشەی جینۆساید و کومەڵکوژکردنی گەل و نەتەوەی کوردی بە ناونیشانی ئەنفال داڕشت کەئامانجی خێرا و دورمەودای سڕینەوەی مۆرکی شارستانی و نەتەوایەتی گەلەکەمان و لەناوبردنی پایە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی ھەبوو، بەڵام سەرەڕای شەھیدکردن و زیندەبەچاڵ کردنی ١٨٢ ھەزار ھاووڵاتی کورد لە ژن و منداڵ و گەنج و پیرو لەناوبردنی زیاتر لە ٥ ھەزار گوند، گەلەکەمان رەگی زیاتری لەخاکەکەیدا داکوتی و گەشەی سەند، پیلانی دوژمنانیش لەگەڵ رژێمی بەعسدا چوە نێو گۆڕ.
لەیادی ئەم کارەساتەدا بەئەرکی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی عیراقی دەزانین کار بۆ قەرەبوکردنەوەی قوربانیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بکەن و روفاتی پیرۆزیان بگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان، موستەشار و تاوانبارانی ئەم کارەساتە دادگایی بکەن و ھاوکات لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا بە جینۆسایدی بناسێنن.
ئازاد محەمەد ئەمین
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
٢٠٢٣/٤/١٣