ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

هەڵوێستى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لەبارەى خۆپیشاندانەکان

9/12/2020 150 جار خوێندراوەتەوە

رۆژى سێشەممە 2020/12/8، بەسەرپەرشتى بەڕێز ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى و بە ئامادەبوونى جێگرى سەرۆک و سکرتێرى ئەنجومەن و ژمارەیەک لە سەرۆکى فراکسیۆنەکان لەبارەى خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانى چەند رۆژى رابردوى سنورى پارێزگاى سلێمانى کۆبونەوە و دەرەنجامى کۆبونەوەکە لە بەیاننامەیەکدا خرایەڕوو کە ئەمە دەقەکەیەتى:

زۆر بەداخەوە بۆ ئەو ژیانە سەختەى لە ئێستادا هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان، بە موچەخۆر و بێموچە و سەرجەم چین و توێژەکانەوە دەیگوزەرێنن، کە بۆتە هۆکارى نەهامەتى و چەندین کێشەى جۆراوجۆر.
لەبەرئەوە داوا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و لایەنە سیاسیەکان دەکەین، چارەسەرى بنەڕەتى بگرنەبەر و تەواوى ماف و شایستە داراییەکانى هەرێم و مووچەخۆران بە خێرایى دابین بکەن ، هاوکات پێویستە حکومەت لەبەرامبەر ئەرک و بەرپرسیارێتی موچەخۆراندا، مافەکانیان دەستەبەر بکات.
هەروەها وەک ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى داواى پەیڕەو کردنى سیستمى لامەرکەزى کارگێڕى و دارایى و جێبەجێکردنى یاساى چاکسازى دەکەین بۆ گەڕانەوەى متمانەى نێوان هاووڵاتیان و حکومەت، بەمەرجێک ریشەیى و بنەڕەتى بێت لەسەرجەم سێکتەرەکاندا.
ئێمە لەئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە کۆبوونەوەى ژمارە (7) لە (23/4/2020)، بڕیارمان ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانى کوردستان و وەزارەتى دارایى کرد، بە پێدانى موچە بە هەر (30) رۆژجارێک ، هەروەها لە نوسراوى ژمارە (460) لە (6/9/ 2020) کە ئاراستەى پەرلەمانى کوردستان کرا و لە نوسراوى ژمارە (474) لە رۆژى (9/9/ 2020) کە ئاراستەى نوسینگەى پەرلەمانى عیراق لە سلێمانى کرا ، بێ دادى و هاوار و خراپى ژیان و گوزەران و بێموچەییمان پێگەیاندون.
بۆ ئەم بارودۆخەى ئێستا وەک ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى پشتیوان و پشتگیرى تەواوى بەدیهێنانى مافى موچەخۆران دەکەین لە خۆپیشاندانى مەدەنیانە و شارستانى دوور لەهەموو جۆرە گرژى و ئاڵۆزى و سوتاندنێک، داواش لە هێزەکانى پۆلیس و ئاسایشى ناوخۆ دەکەین ، بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت لەگەڵ خوشک و براکانیان بکە و هەموو جۆرە سەلامەتییەکى خۆپیشاندەران و موڵکى گشتى و فەرمانگە و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و بارەگاکان بپارێزن.
هەروەها پرسە و سەرەخۆشى خۆمان ئاراستەى خانەوادە و کەسوکارى قوربانییەکان دەکەین و هیواى زوو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى
8/12/2020

 

 

3528119122020_2.jpg

4828119122020_1 copy.jpg

Copyright © all rights reserved .Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure