ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا چەند بڕیارێکى دەرکرد

20/6/2020 187 جار خوێندراوەتەوە

رۆژى شەممە بە ئامادەبوونى بەڕێز ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى و بەسەرپەرشتى بەڕێز د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى، لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا کۆبوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی و ڕێکارە پێویستەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کران.
پاشان بە کۆی دەنگ بڕیاردرا:
١-دواکەوتنی موچە کاریگەریی زۆر خراپ و نەرێنی لەسەر ڕەوشی تەندروستیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی دروستکردووە، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەخێرایی موچەی موچەخۆران بەتایبەتی موچەی کەرتی تەندروستیی و هێزەکانی ناوخۆ دابەش بکات.
٢-هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی تردا لەناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بە پشتبەستن بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ تا (١/ ٧/ ٢٠٢٠) بە داخراویی دەمێنێتەوەو ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت هاتووچۆ بکات، جگە لەو حاڵەتانە نەبێت کە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دیاریکراون.
٣-ڕاگرتنی دەوامی فەرمیی دامودەزگا حکومییەکان، جگە لە هێزەکانی ناوخۆو کەرتی تەندروستی و، خزمەتگوزاریی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بەپێی سروشتی ئەرک و ئێشکگریی خۆیان، لە ڕۆژی یەکشەممە (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە بۆ ڕۆژی (٢٧/ ٦/ ٢٠٢٠)، ڕۆژی یەکشەممە (٢٨/ ٦/ ٢٠٢٠) دەوامی فەرمیی دەستپێدەکاتەوە.
٤-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە هەموو مزگەوت و پەرستگاو شوێنە ئاینییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا دادەخرێن.
٥-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە تا ڕۆژی (١/ ٧/ ٢٠٢٠) هەموو نۆرینگە ئەهلیەکانی پزیشکی ددان دادەخرێن و لەکاتی زۆر پێویستدا هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی سەنتەرە ڕاوێژکارییەکانی پیرەمێردو شۆڕش تایبەت بە ددان بکەن. هەر کلینیکێکی پزیشکیی و تاقیگەو نەخۆشخانەیەکی ئەهلی پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.
٦-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە تا ڕۆژی (١/ ٧/ ٢٠٢٠) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، چێشتخانەکان تەنها بە دلیڤەری دەتوانن کاربکەن و چایخانەو قاوەخانەو ساردەمەنیەکانیش بەبێ شوێنی دانیشتن دەتوانن بەردەوام بن.
٧-لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠)وە نێرگەلەخانەو هەر کافتریایەک کە نێرگەلە پێشکەش بکات، مەلەوانگە، لایڤ میوزیک، جیمەکان، یانە شەوانەکان، مەیخانەکان، شوێنەکانی کاتبەسەربردن و سەرگەرمکردن، هۆڵی بۆنەو کۆڕو کۆبوونەوەکان، دادەخرێن.
٨-پرسەو پرسەی گەڕەکەکان و سەرقەبران و سەردانی نەخۆش و هەموو کۆبوونەوەیەکی خۆشیی و ناخۆشیی و ئاهەنگگێڕانێک قەدەغەن.
٩-گواستنەوەی گشتیی (پاس و مینی پاس) لە ڕۆژی (٢١/ ٦/ ٢٠٢٠) بۆ (٢٨/ ٦/ ٢٠٢٠) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، ڕادەگیرێت، هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.
١٠-هەر شۆفێرێکی (تەکسی) پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەک دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.
١١-لە هەر شوێنێک، ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان جێبەجێ نەکرێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.
١٢-هەر کۆمپانیاو دامەزراوەو مۆڵ و شوێنێکی کەرتی تایبەت پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.
١٣-هەر بازرگانیکردنێک بە خوێن و پلازمای خوێنەوە بە تاوان ئەژمار دەکرێت و قەدەغەیە، لەهەمان کاتدا داوا لەو بەڕێزانە دەکەین کە لەم پەتایە چاکبوونەتەوەو توانای بەخشینی خوێنیان هەیە، وەک ئەرکێکی مرۆییانەی ویژدانیانەی ئەخلاقیانەی نیشتمانیانە، خوێن ببەخشنە ناوەندەکانی خوێن وەرگرتن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و ڕۆڵی مەردانەی خۆیان لە ژیاندنەوەی هاونیشتمانیەکانیاندا ببینن.
١٤-پێویستە هاووڵاتیان بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزیی و خۆیان لە هەر بەریەککەوتن و تێکەڵاوبوون و کۆبوونەوەیەک بەدوور بگرن.
١٥-پێویستە لایەنە پەیوەندیدارە حکومییەکان لێپرسینەوەو ڕێکارەکان وردترو زیاترو خێراتر بکەن و هەر فەرمانگەو لیژنەیەک کەمتەرخەمیی بکات، ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
١٦-دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە قائیمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، کە بەپێی تایبەتمەندیی سنورە کارگێڕییەکانی خۆیان ڕێنمایی پێویست دەربکەن.

 

5828192062020_1.jpg

629192062020_2.jpg

1629192062020_5.jpg

Copyright © all rights reserved .Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure