سلێمانی
3/9/2015
|
14 جار خوێندراوەتەوە |
|
سلێمانی
بەشی یەكەم
سلێمانی (بە ئینگلیزی: Sulaymaniyah یان Slemani، بە عەرەبی: السلیمانیە) شارێكی كوردیی باشوری كوردستان و ناوەندی پارێزگای سلێمانییە؛ سلێمانی لەگەڵ ئێراندا هاوسنورە.
سلێمانی زانكۆیەكی گەورەی هەیە كە بەزانكۆی سلێمانی ناسراوە؛ بەدوریی ٦٠ كیلۆمەتر لەشاری سلێمانییەوە؛ بەنداوی دوكان هەیە، كە یەكێكە لەبەنداوە گەورەكانی عێراق.
سلێمانی بەهاوینەهەوارەكانی وەكو هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا، سەرچنار، بەنداوی دوكان، سەرتەكی بەمۆ، كونەماسی، ئەزمەڕو قەرەداغو چەندین هاوینەهەواری دڵڕفێنی دیكە بەناونانگە.
شاری سلێمانی لەپاش ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ەوە فراوانبونو پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوەو بەئارامترینو جوانترینو پاكوخاوێنترینو سەوزترین پارێزگاش دەژمێردرێت لەسەر ئاستی عێراق، بەوهۆیەوە لەزۆربەی پارێزگاكانی دیكەی عێراقەوە خەڵكێكی زۆر ڕویان تێكردوەو بوە بەپەناگەی ئەو هاوڵاتیانەی، كە لەباشوری عێراقو ناوچەكانی ناوەڕاستەوە ڕوو دەكەنە ئەو شارە.
شاری سلێمانی لەڕێڕەوی دامەزراندنو پەرەسەندنو پێداچەسپاندنی خۆیدا لەكۆڕی شارستانێتیو پێشڕەویدا، كۆمەڵێكی زۆر لەنوسەرو شاعیری باشی بۆ مێژوو هێشتۆتەوە؛ لەوانە (نالی، مەحوی، پیرەمێرد، گۆران، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، سالم، كوردی، ئەمین زەكی بەگ، فایەق بێكەس، زێوەر، تەوفیق وەهبی، وەلی دێوانە، كاك ئەحمەدی شێخ)و سەدان نوسەر و شاعیرو ئەدیبو كەسایەتیی تر.
مێژوو
شاری سلێمانی ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن (ئیبراهیم پاشای بابان)ەوە ئاوەدان كراوەتەوە؛ ئیبراهیم پاشا شارەكەی بەناوی باوكییەوە واتە (سلێمان پاشا) ناوناوە؛ سلێمانی جگە لەوەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان، لەهەمان كاتدا دەبێتە مەڵبەندێكی بازرگانیو ڕۆشنبیری لەناوچەكەدا، زاراوەی سۆرانی لەناوچەكەدا پەرەدەسێنێو دەبێتە زمانی خوێندنو نوسین، بەجۆرێك كە زاراوەكانی دیكە لەناوچەكەدا بەرەو كەمبونو نەمان دەچێت؛ پاش ڕوخانی میرنشینی بابان لەساڵی ١٨٥١و دواتر لەناوچونی دەوڵەتی عوسمانی لەجەنگی یەكەمی جیهانیدا، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر كۆماری عێراق، لەساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەكەی مەلیك مەحمود بووە، شاری سلێمانی جگە لەوەی لانكەی ڕۆشنبیرو تێكۆشەران بوە، مەڵبەندی هەڵگیرسانی چەندین شۆڕشو ڕاپەڕینیش بوە لەمێژووی كوردستاندا.
بەپێی ڕۆژنامەی ژین، لەساڵی ١٩٥٥ پانی ڕووی شاری سلێمانی ٢٠ ملیۆنو ٢٥٠ هەزار مەترەو ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە ٦٠ هەزار كەسو نزیكەی ٧ هەزار خانووی تیادایە، لە شەش گەڕەكی سەرەكی پێكهاتوە، ئەوانیش (كانی ئاسكان، گۆیژە، مەڵكەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن)، لەگەڵا گەڕەكی جولەكانی جارانیش، كە ئێستا خراوەتە سەر گەڕەكی سەرشەقام.
سود لەویكیپیدیا وەرگیراوە