ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

کۆمپانیا بەریتانیەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان

21/10/2019 152 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژی دووشەممە ٢٠١٩/١٠/٢١، بەڕێز (ئازاد محەمەد ئەمین) سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونى سکرتێر و سەرۆکى فراکسیۆنەکان و لیژنەى پەیوەندییەکانى ئەنجومەنى پارێزگا پێشوازی لە بەڕێز (جۆن وێڵکس) باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و بەڕێز (جەیمس سۆرنتۆن) کونسوڵی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان کرد.
سەرەتا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بەخێرھاتنی کردن و ئاماژەی بە مێژووى پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرد هەر لەسەردەمى شێخ مەحمودى نەمرەوە تاوەکو ئێستا.
پاشان باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق ، ڕۆڵی سلێمانی بەرزنرخاند وەک پایتەختی ڕۆشنبیری و خواستی لەندەنی بۆ پتەوکردنی پەیوەندی ئابوریی و ڕۆشنبیری و سیاسی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی خستەڕوو و وتی: ئەو کۆمپانیایانەی بەھۆی شەڕی داعشەوە گەڕابوونەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە و وەبەرھێنان بکەن.
ھەروەھا بە گرنگیزانی گفتوگۆو دانوستانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەردەوام بێت تا کورد لە ئاشتیدا بژی و کێشەکانی نێوانیان چارەسەر ببێت.
لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستانیشەوە وتی: لەندەن ھەوڵەکانی خۆی خستۆتەگەڕ لەڕێگەی پەیوەندییەکانییەوە بۆ ڕاگرتنی لەشکرکێشی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەوەشیخستەڕوو کە کارەکانی وەک باڵیۆز لە عیراق کۆتایی دێت و ئەرکێکی نوێ وەردەگرێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاش ھیوای سەرکەوتنی لە کارە نوێیەکەیدا بۆ خواست و پشتیوانی ئەنجومەنی پارێزگای بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیا بەریتانیەکان دەربڕی و داوای کرد ڕۆڵی زیاتریان لە گەشەپێدانی سلێمانی و ھەرێمی کوردستان ھەبێت لە ھەموو سێکتەرەکاندا بەتایبەت لە بوارەکانى کولتور و رۆشنبیرى و کەرتى خوێندنى باڵا .
داواشیکرد بەریتانیا کار بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان بکات.

 

35371121102019_2.jpg

45371121102019_5.jpg

50371121102019_3.jpg

0381121102019_4.jpg

Copyright © all rights reserved .Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure