ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای هەڵبژاردن دەكات لە وادەی خۆیدا

4/4/2018 124 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەنوسراوێكدا كە ئاراستەی هەریەكە لەپەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كردوە، داوا دەكات لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەهەرێم ئەنجام بدرێت.
بەگوێرەی نوسراوێكی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەنجومەنەكە لەگەڵ درێژكردنەوەی ماوەی ئەنجومەندا نییە، بۆیە داوا دەكات هەوڵەكانی بخرێنەگەڕ، لەپێناو زوو بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكان.
ئەمەی خوارەوە دەقی نوسراوەكەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە:

بۆ/ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران - سەرۆكایەتی دیوان
بابەت/ هەڵبژاردن
ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داواكارین لەبەڕێزتان هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم ئەنجامبدرێت. لەرۆژی (13/3/2018)دا هەمان داواكاریمان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاڕاستەی بەڕێزتان كردووە، وەك ئاگادارن هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم لە (30/4/2014) ئەنجام دراون‌و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە (24/6/2014) بەپێی بڕگەی یەكەم لەماددەی شازدەیەم سوێندی یاساییمان خواردووە، وە بەپێی بەشی حەوتەم لە حوكمە گشتی‌و كۆتاییەكان بەپێی بڕگەی سێیەم لە ماددەی سی‌و یەكەم لە كاتی ئەستەم بوونی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان، ئەنجومەنەكان لە بەڕێوبردنی كاروباری خۆیان بەردەوام دەبن تا ماوەیەك لە (90) نەوەد رۆژ زیاتر نەبێت، لە رۆژی كۆتایی هاتنی خولەكەوە.

فەرمانتان .... لەگەڵ رێزدا

ئازاد محەمەد ئەمین
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

 

51619442018_eee.jpg

Copyright © all rights reserved .Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure