ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

ده‌رباره‌ی‌ ئێمه‌

ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، ئه‌نجومه‌نێكی‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی‌ پارێزگای‌ سلێمانییه‌وه‌، له‌ڕووی‌ كارگێڕی‌‌و دارایی‌‌و یاساییه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و له‌ڕووی‌ چاودێرییه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر چاودێریی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌.

ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌نجومه‌ن چاودێریكردنه‌ له‌سنوری‌ كارگێڕی‌ پارێزگاكه‌دا‌و مافی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ بڕیار‌و پێڕه‌وو رێنماییه‌كان بۆ رێكخستنی‌ كاروباری‌ كارگێڕی‌‌و دارایی‌ له‌سنوری‌ پارێزگاكه‌دا ده‌ربچوێنێ‌، تا بتوانرێت سه‌رپه‌رشتیی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ پارێزگا به‌پێی‌ پره‌نسیپی‌ ناسه‌نته‌ری‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كارگێڕی‌ بكات، به‌جۆرێكی‌ وا كه‌ ناكۆك نه‌بێت له‌گه‌ڵ ده‌ستور‌و یاسا كارپێكراوه‌كانی‌ هه‌رێمدا.

خولی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، به‌پێی‌ یاسای‌ ژماره‌ (71)ی‌ 6-4-2004ی‌ پۆڵ بریمه‌ر له‌ 31-1-2005دا هه‌ڵبژێردرا‌و له‌ (41) ئه‌ندام پێكهاتبوو، ئه‌م خوله‌ كه‌ خولی‌ دوه‌می‌ ئه‌نجومه‌نه‌، به‌پێی‌ یاسای‌ ژماره‌ (4)ی‌ ساڵی‌ 2009 یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كانی‌ پارێزگاكان‌و قه‌زا‌و ناحیه‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان-عیراقدا، له‌ 30-4-2014 دا هه‌ڵبژێردراوه‌‌و له‌ (32) ئه‌ندام پێكدێت، خولی‌ دوه‌م به‌پێی‌ یاسای‌ ژماره‌ (3)ی‌ ساڵی‌ 2009 یاسای‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان-عیراق، یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی‌ خۆی‌ له‌ 24-6-2014دا كرد.

ئه‌نجومه‌ن له‌ (7) فراكسیۆن كه‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ (گۆڕان 12 ئه‌ندام، یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان 11 ئه‌ندام، خزمه‌ت (یه‌كگرتووی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان) 4 ئه‌ندام، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان 3 ئه‌ندام، رافیده‌ین 1 ئه‌ندام، هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌ كوردستان 1 ئه‌ندام) پێكدێت.

ئامانجی‌ ئه‌نجومه‌ن خزمه‌تكردنه‌ به‌بواری‌ گشتی‌‌و په‌ره‌پێدانی‌ پارێزگا‌و به‌دواداچون‌و چاودێریكردن‌و لێپرسینه‌وه‌‌و لێپێچینه‌وه‌ی‌ داموده‌زگا خۆجێییه‌كان، به‌مه‌به‌ستی‌ چه‌سپاندنی‌ بنه‌مای‌ هاوڵاتیبون‌و به‌دامه‌زراوه‌ییبون‌و شه‌فافیه‌ت‌و قه‌ڵاچۆكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رۆتین‌و یاساسه‌روه‌ری‌‌و به‌رگرتن له‌ده‌ست پیسی‌ یان خراپ به‌كارهێنانی‌ پایه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌‌و بوون به‌هۆی‌ به‌فیڕۆدانی‌ دارایی‌ گشتی‌‌و خه‌مساردی‌ یان كه‌مته‌رخه‌می‌ نواندنی‌ به‌ئه‌نقه‌ست له‌جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌ركه‌كاندا.

 

Copyright © all rights reserved .Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure